Physical Address
304 North Cardinal St.
Dorchester Center, MA 02124
Physical Address
304 North Cardinal St.
Dorchester Center, MA 02124

زەردەشت نورەدین لەم وتارەدا پەیوەندیی مێژوویی ئایین، فەلسەفە و هونەر دەکۆڵێتەوە و ڕەشۆکباوەڕیی ئایینی و فکری لەمەڕ هونەر، لە ئیبراهیم و ئەفلاتوونەوە تا کانت و هیگڵ، شی دەکاتەوە.
پرسی هونەر(ئەدەب) بۆ کورد پاژنەی ئاخیلە، بەبێ ڕەچەڵەکناسیی ناتوانین نامۆییەکەی تێبگەین. هونەر وەک نامۆیەک، وەک غەریبەیەک بەناو مێژووی کوردا دێت و دەچێت و ڕەبتێکی جەوهەری بە شێوە ژیانی کوردەوە نادۆزێتەوە؛ ناتوانێت ببێتە بەشێکی ناوەکی. وەکو تۆراوێکی دەرەکی بەبەردەوامی دەگەڕێتەوە بەڵام ئاشت ناکرێتەوە.
هەندێ جار کتێبێک یان نووسەرێک یان ڕێبازێکی دیاریکراو زەبر یان کاریگەرییەکی هەزار ساڵە لەسەر دوای خۆی بەجێ دێڵێت. ئەدەبیاتی ئەوروپا دەکەوێتە ژێر کاریگەریی ئۆدیسە و ئەلیادەی هۆمەرەوە. بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەشێوەیەکی پارادۆکسیکاڵ قورئان ئەو کتێبەیە، زەبری هەزار ساڵە بەجێ دەهێڵێت. ئەدەب(هونەری) ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە دوای داگیرکاری ژیاریی ئیسلام بەتەواوەتی دەکەوێتە ژێر زەبری قورئانەوە. ئەگەرچی قورئان وەک ستایل تاڕادەیەک کتێبێکی ئەدەبییە بەڵام وەک ناواخن دژە ئەدەب(هونەر)ـە. کتێبە پیرۆزەکان لەبەرئەوەی تێکەڵ بە دەسەڵاتی سیاسی، ئیلاهی و فەرمانڕەوایی دەبن لە جیاتی کاریگەری، زەبر لەسەر شتەکان دادەنێن، لە ڕێگەی زەبر و زەنگەوە مۆرکی خۆیان لەسەر بەرهەمەکانی دوای خۆیان بەجێ دەهێڵن. بەڵام ئەمە بۆ دەقێکی فەلسەفی، ئەدەبی یان بەرهەمێکی هونەری ڕاست نییە. قورئان بەڕوونی نەفی ئوستورەکانی پێشووتر دەکات و وەک تانەیەکیش باس لە ئوستورەکانی پێشینان دەکات کە گوایە قورئان بەرییە لێی. هەروەها نەفی شیعر و شاعیری دەکات و محەمەد لە بازنەی شاعیرەکان دەردەهێنێت و بە ئاشکرا قورئان دەڵێت محەمەد شاعیر نییە. لەگەڵ ئەوەشدا کێشەکە بەتەنیا ئایەت یان فەرموودەیەکی دیاریکراو نییە کە ڕاستەوخۆ بەگژ هونەر یان ئەدەب دەچێتەوە؛ لەبەرئەوەی دەشێت، کێشەی ناوبراو بە ڕاڤە تا ئەندازەیەکی زۆر چارەسەر بکرێت. بۆیە پێم وایە ڕاڤە یان ریفۆرم ناتوانێت ئایینی یەکتاپەرستی (بەدیاریکراوی یەهوودی و ئیسلام) ڕاستەوڕاست لەگەڵ هونەر سازگار بکات.
تالیبان لە ئەفغانستان پەیکەری بودا دەتەقێننەوە، داعش شوێنەواری ئاشوورییەکان خاپوور دەکات، مەزارگەی شێخ مەند ناسراو بە قوبەی گەورە، پەرستگای ئێزیدییەکان لە باشوری چیای شەنگال دەتەقێننەوە1. جگە لەوانە کە شووناسی گرووپەکان بە ئاشکرا زانراو بووە، ئەوا لە بەرانبەردا، بەبەردەوام پەیکەری جۆراوجۆر لە شارەکانی کوردستان لەلایەن کەس و گروپی ''شووناس نەناسراوە'' شکێندراوە. ئەم کردانە و هەزاران کردەی تری لەو جۆرە بەبەردەوامی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دووبارە دەبێتەوە. ئەم ڕووداوانە جگە لە بکەرە ڕاستەوخۆکانی بکەری ناڕاستەوخۆی بەرایی تری هەیە کە جگە لە خەڵکی عەوام، نوخبەش بە ڕادەیەکی زۆر کەوتووەتە داوییەوە. تەنانەت ئەو ئایینانەشی کە نزیکایەتیان لەگەڵ هونەردا هەیە وەکوو ئێزەدی و یارسان چارەنووسیان لە مێژووی یەکتاپەرستیدا، لە خودی چارەنووسی هونەر باشتر نەبووە، ڕووبەڕووی پەلاماری دڕندانە و کۆمەڵکوژی بوونەتەوە.
بەیەکداچوونی ئایین و هونەر و گرێدانی چارەنووسی هەردووکیان پێکەوە، ئەوە وەبیردا دەهێنێت کە باسکردن لە ڕەشۆکباوەڕی ئایینی لەمەڕ هونەر دژگۆییانە بکەوێتەوە. چۆن دەشێت ئایین کە ئەوەندە لە هونەر نزیکە ببێتە هۆی ڕەشۆکباوەڕی و دواجار دژبوون بە هونەر بخاتەوە؟ ئایین کە لە هیچ سەردەمێکدا بەبێ جۆرێک لە هونەر نەیتوانیوە پەیدا ببێت چۆن لە باشترین حاڵەتدا هونەر بە شتێکی سووک تەماشا دەکات و لە خراپترین حاڵەتدا هونەر تەڕد دەکات؟
هونەر و ئایین بەهۆی بەیەکداچوونی مێژووی دێرینیانەوە لە تێکەڵاوی و هاوشوناسیدا ژیاون و کاریگەری نەبڕاوەیان لەسەر یەکتری داناوە. بەجۆرێک کە دەتوانین کۆنترین شوێنەوار و دەستسازە ئایینییەکان بە هونەر دابنێین. لەبەرانبەردا کۆنترین کارە هونەرییە بەجێماوەکان دەشێت وەک گەردانکەری ڕێوڕەسمە ئایینییەکان تەماشا بکرێت کە کارکردی ئایینیان هەیە. لە جیهانی پیش مۆدێرندا ناکرێت هێڵێکی جیاکەرەوەی زەق لە نێوان ئایین و هونەردا بکێشرێت. هونەر بە تێگەیشتنی باو، بەوجۆرەی کە ئێستا فەهم دەبێت لە سەردەمی مۆدێرندا سەرهەڵدەدات. بەهەمان شێوە تێگەیشتنیش بۆ ئایین وەک دیاردەیەکی مێژوویی، کۆمەڵایەتی و مرۆیی لەسەردەمی مۆدێرندا دەردەکەوێت. واتە خودی ئایینیش وەکو هونەر بە بەرهەمێکی هونەری دادەنرێت. ئەمەش بە مانای ئەوە دێت لە پێش مۆدێرندا جیاکاری تۆخ لە نێوان ئایین و هونەردا نەبووە. دەکرێت تا ئاستێک لە گەشە و گۆڕانی ئایین بە درێژایی مێژوو، گەشە و گۆڕانی هونەر ببینیتەوە و لە ڕێگەی کارە هونەرییەکانەوە هەست بە جیاوازی ئایینە جۆراوجۆرەکان بکەین.
زمانی ئایینی هەر لە سەرەتای پەیدابوونییەوە، زمانێکی ڕەمزی بووە، سوودی لە میتافۆر، پارابڵ، گێڕانەوە و وێنەسازیی بانمرۆیی بینیوە. سەرەڕای بەکارهێنانی زمانی ڕەمزی دەستی بۆ بیناکردنی پەرستگا، داهێنانی شکڵ و شەمایلی ئایینی کردووە، جۆرەها دەستسازی ئایینی-هونەری سازکردووە و پەیکەری جۆراوجۆری ئافراندنەوە. تەسەور و وێنای ئایینی کە لەناو زمانی ڕەمزیدا پەیدا بووە لە ڕێگەی ڕێوڕەسمی ئایینییەوە بە دەستسازە هونەری-ئایینییەکانەوە گرێدراوە و پێکەوە سەرجەمێتییەکی ئایینیان پێکهێناوە. بیناکردنی پەرستگا، بەکاربردنی جۆرەها ڕەنگ، وێنە و نیگارکێشیی ڕەمزی لە پەرستگاکاندا، بە تەنیشت ڕازاندنەوەی بە دەستساز و پەیکەرە پیرۆزە جۆراوجۆرەکانەوە ڕۆحی ئایین بەناو ڕێوڕەسمە ئایینییەکاندا لەو کەشە دیاریکراوەدا بەرجەستە کردووە. کەسی ئاییندار بێنێوانگر، ڕاستەوخۆی ئەزموونی خودای کردووە و دەستی بە تەجرووبەی ئایینی بانژیانی ڕۆژانەدا ڕاگەیشتووە. ئایین ڕۆحێکی سەرگەردان و وێنایەکی لێڵی ناو کۆئاگایی مرۆڤ بووە لە ڕێگەی هونەرەوە لەشگیر بووە و ئەو جەستەی پەیدا کردووە کە تێیدا دەرکەوێت و بە قووڵی بەر مرۆڤ بکەوێت. ئەو دەرفەتەی بۆ ڕەخساوە تاک بە تاکی مرۆڤ بتوانێت ئەزموونی مەعنەویی و ڕۆحی بانژیانی ڕۆژانە بکات و دەستی لە هێزێکی نەبڕاوە گیر بێت.
هەموو ئایینە گەورەکانی پێش فەلسەفە بە تووندی دەستیان بە زمانی ڕەمزی و هونەرەوە گرتووە و تا ئەوپەڕی ئیمکان سوودیان لێبینیوە. ئەگەر سەرنج لە ئایینی هیندویزم بدرێت کە ئاینێکی چەند هەزار ساڵەیە و تا ئێستا بەردەوامە بەڕوونی ڕەهەندی زاڵی هونەری تێدا دەبینین. دەتوانرێت ئەو تێکەڵاوی هونەر و ئایینە لە ئایینی میسرییە کۆنەکان، سۆمەرییەکان، هۆرییەکان و … هتد ببینرێت. چاخی زێڕینی هاوژیانی هونەر و ئایین سەردەمی فرەخوداییە. بیرۆکەی فرەخودایی تەنیا لە ڕێگەی هونەرەوە دەتوانێت بەرجەستە بێت. هەروەها چەرخی زێڕینی خوداباوەڕی سەردەمی فرەخوداییە. ئەزموونی ڕۆحی و تەجروبەی مەعنەوەی سەردەمی فرەخودایی هێندە قووڵ و ناونشین بووە نەتوانراوە لە ژیان جیا بکرێتەوە. ڕەهەندە ژیانییەکەی ئەوەندە بەهێز بووە ئیلحاد تەنانەت وەکو بیرۆکەش لەو چەرخەدا پەیدا نەبووە.
یەکەم گورزی کوشەندە هاوژیانی هونەر و ئایین و لە چەرخی زێڕینی خوداپەرستی، لە مێژوودا ئاخناتوون و لە ئاییندا ئیبراهیم وەشاندیان. ئاخناتوون و ئیبراهیم زڕەباپیری ئیلحادن. ئەگەرچی ئاخناتوون سەرکەوتوو نەبوو لەوەی ئەو، ڕووداوی جیاکردنەوەی ئایین لە هونەر لە میسردا بخاتەوە، چونکە نەریتی چەند هەزار ساڵەی ئایینی میسری ئەوەندە بەهێز بوو کە ڕێگر بێت لەبەردەم کوودتایەکی لەو شێوەدا. جەیمس هۆفمیر کە میسرناسێکی هاوچەرخە لە کتێبی ''ئاخناتوون و زاگەی یەکتاپەرستی''3دا ئەو تێزە پێش دەخات کە یەکتاپەرستی لە میسرەوە بۆ ناو یەهوودییەکان گواستراوەتەوە4. بە پێچەوانەی ئاخناتوونەوە، ئیبراهیم وەرچەرخانە ئایینییەکەی بۆ دەچێتە سەر و زەوییەکی ئایینی ئاوەدان دەکاتەوە کە تۆوی ئیلحادیش بتوانێت تێیدا گەشە بکات. بەهۆی هەژاری ژینگەی کەلتووری و ژیاری جوولەکەوە بە پێچەوانەی میسرەوە ئەو وەرچەرخانە لەناو یەهوودییەکاندا ڕوودەدات. یەهوودییەکان نە شارستانییەتی چەند هەزار ساڵەیان هەبوو و نە ئایینی ڕەسەنی چەند هەزار ساڵە هەربۆیەش بە ئاسانی ئەو لەجێچوونە ئایینییە شوێنی خۆی گرت.
ئیبراهیم کاتێک بتەکانی شکاند، تەنیا چەند پەیکەرێکی نەشکاند، هەروەها تەنیا بە ڕووی فرەخوداییدا یاخی نەبوو و نەیبردە ژێر پرسیارەوە بەڵکو خودی وێنای خوداوەندی پەلوپۆ کرد. ئایین و هونەری لەیەکتری جیاکردەوە. وێنای ئیلاهی کەوڵکرد و لە جەستە دایماڵی، لەسەر زەوی و لەناو ژیانی خەڵکدا هەڵیگرت و لە ئاسمانەکاندا جێگیری کرد. خودا ناونشینی خۆی لەدەستدا و باڵانشین بوو. خودا بە فیعلی و بە جەستە لەناو ژیانی مرۆڤدا باری کرد و بوو بە چاودێرێک بەسەر ژیانییەوە. شکاندنی پەیکەری خوداکانی تر و هێشتنەوەی یەک خودا جگە لەوەی کافربوونە بە خوداکانی تر، ئەوا ئەو بیرۆکە ئیلحادییەی لەگەڵ خۆیدا هێنایە ناو ئاگایی مرۆڤەوە کە خوداکان بوونیان نییە، دەستکرد و ساختەی دەستی مرۆڤن: ئیدی ئەوە زۆر گرنگ نییە کە دەستکردەکە ماتریاڵی بێت یان بیرۆکەیی و زیهنی. ڕاستە ئیبراهیم لەو ڕێگەوە دەیەوێت پێگەی یەک خودا جێگر بکات بەڵام هاوکات پێگەی خودی خودایەتی و ئەو تاک خودایەش دەباتە ژێر پرسیارەوە. درێژکردنەوەی لۆژیکی ئیبراهیم تا دوا سنوری خۆی بە ئیلحاد کۆتایی دێت و بەشێوەیەکی ئەزموونیش ئەو ڕاستییە دەرکەوتووە.
وەرچەرخانەکەی ئیبراهیم زڕەباپیری ئیلحاد، لە ئاستە قوڵەکەیدا گرێدراوە بە پارادایم گۆڕینی خوداپەرستییەوە لەسەر ئاستی زمان. زمانی ئایینی فرەخودایی ڕەمزی و وێنەییە، بەجۆرێک کە ڕێگە دەدات خودا لە دەستسازە مرۆییەکاندا بەرجەستە بێت و لەناو گێڕانەوەدا بنوێنرێتەوە. خودا وەکو بوون دەردەکەوێت بەڵام بوونێکی ناسروشتی لەناو پەیکەر و نیگارکێشاندا. لەم سۆنگەوە لە پەیکەرە جۆراوجۆرەکانی خوداکان تێدەگەین کە تێهەڵکێشن لە چەندین بوونەوەر. فرەتوخمی پەیکەرەکانی خودا، ئاماژەیە بە بوونە ئیلاهییەکەی کە ناکرێت لە سروشت و جیهاندا ڕاستەوخۆ بوونی هەبێت. بۆ مرۆڤی چەرخی زێڕینی خوداپەرستی پرسی باوەڕ یان بێباوەڕی پرسێکی بێڕەبت بووە و بیرۆکەیەکی لەو جۆرە بۆ ئەوان قابیلی فەهم نەبووە. لە پەیوەند بەمەوە ئەگەرچی بەشی هەرە زۆری فرەخودایی دەکەوێتەوە پێش داهێنانی نووسینەوە بەڵام شیاوترین زمان بۆ نووسینەوەی دەقە پیرۆزەکان خەتی هیرۆگلیفی میسرییەکانە لەبەرئەوەی جگە لەوەی نووسینە وەک سیستەمی نووسین ڕەمزییە و سود لە وێنە وەرگیراوە. بۆ کەسانێک کە خوێندنەوەشیان نەزانیبێت وێنە جۆراوجۆرەکان جۆرێک لە سەرسامی دروست کردووە بە بەراورد بە خەتی بزماری یان ئەلفبێ.
ئیبراهیم تەنیا پەیکەرەکان ناشکێنێت بەڵکو زمانی ڕەمزی و وێنەی فرەخودایش تێک دەشکێنێت. چیدی ئەو ئیمکانە لە خوداکان دەسەنێتەوە لەناو وێنە و پەیکەردا بەدیار بکەون. ئەمەش واتە جیاکردنەوەی هونەر و ئایین لەیەکتری. تەنانەت لە زمانی یۆنانیدا وشەی (graph) بە هەردوو مانای نووسین و وێنەکێشان هاتووە. ئەوەی دەمێنێتەوە زمانێکی نائایینییە بۆ ئایین. زمانێک کە لە جیاتی وێنەی بێنوانگر و ڕاستەوخۆ پشت بە وێنەی ئەبستراکتی خودی زمان دەبەستێت. لەسەر وشە لە پێگەی وشەدا کار دەکات نەوەک وشە لە پێگەی وێنەدا. زمانی داماڵڕاو لە وێنە و نیگار ئەوەندەی دەشێت ئەندێشە و فیکری پێ بگوازرێتەوە، ئەوەندە بۆ بیرۆکەی پەتی و ئەبستراکت دەست دەدات نیو هێندە بۆ وێنای بێنوانگر و ڕاستەوخۆی خودا دەست نادات. خودا لە لای ئیبراهیم لە وێنایەکی ڕاستەوخۆ و بێنوانگرەوە کە حزوری ڕاستەوخۆی لە ژیانی خەڵکدا هەبوو، دەگۆڕێت بۆ بیرۆکەیەکی وشەیی نێوانگردار کە تەنیا لە ڕێگەی پێغمبەرەوە خەڵک پێیدەگات. کاتێک خودا لە وێنەی ڕەمزییەوە دەگۆڕێت بۆ وشەیەکی داماڵڕاو لە نواندنەوە، خەیاڵدان و توانستی وێنایی و ئەزموونی ئاییندار وشک و برینگ دەبێت و تەجروبەی مەعنەوەی ڕووتەڵە دەبێت.
دەرکەوتنی مەسیح کاردانەوەیە بەڕووی خودای ئەبستراکت و وشەییدا کە بەبێ نێوانگر مرۆڤ پێیناگات. مەسیح دەیەوێت خودای وێنەیی بگێڕێتەوە و ڕێگە بە نواندنەوەکانی خودا بدات تاوەکو باوەڕداران ڕاستەوخۆ بەری بکەون. هەر لەبەر ئەوەشە بە تێگەیشتنی مەسیحییەت خودا خۆی لە مەسیحدا دێتە سەر زەوی و بەدیار دەکەوێت و دواتر بۆ ئاسمان دەگەڕێتەوە. ئەم دیاردەیە بۆ هێنانەوەی دووبارەی هەمان تەجرووبەی ئایینی فرەخوداییە. بەڵام ئەوەی نەقسی بنەڕەتییە لە مەسیحدا، ئەوەیە مەسیحیش بەناو هەمان زمانی ئیبراهیمدا ئەو کارە دەکات و زمانی ئایینی ئیبراهیم کە زیاتر لە بیرۆکەی پەتییەوە نزیکە تا وێنە و بەرجەستەبوون ناهێڵێت هەمان شت بگەڕێتەوە. کاتێک خودا دەبێت بە مرۆڤ یان خودا لە مرۆڤدا بەرجەستە دەبێت وێنە ئیلاهییە فرەتوخمییەکەی تێک دەشکێت و لە جیاتی ئەوەی ناونشین بێتەوە لە ژیاندا دەنیشێت و ڕەهەندە باڵاکەی لەدەست دەدات. لەگەڵ ئەوەشدا مەسیح دەرگای نواندنەوەی مرۆڤانە بۆ وێنای خودا دەکاتەوە تا ئەندازەیەک هونەر بۆ ناو ئایین دەگەڕێنێتەوە.
تووندوتیژترین وەرچەرخانی هونەری لەسەر دەستی محەمەد و لە ئیسلامدا ڕوو دەدات. محەمەد ئیمکانەکانی ئیبراهیم تا دوا سنوری خۆیان ڕادەکشێت و خودا تەواو دەکات بە بیرۆکەی پەتی وشەیی کە بە هەموو شێوەیەک دژ بە هەموو جۆرە نواندنەوەیەکە. بەتەواوی هونەر و ئایین لە یەکتری جودا دەکاتەوە و گورزی کوشەندە لە ئەزموونی ڕۆحی مرۆڤ دەدات. ئەگەر تەماشای هونەری ئیسلامی بکەین زیاتر ئەمە ڕوون دەبێتەوە. لە قورئاندا نواندنەوەی وێنەی گیانداران بەگشتی و مرۆڤ بەتایبەتی، قەدەغە کراوە. هەر ئەوەشە وادەکات وێنەکێشان، پەیکەرسازی و مۆسیقا تا ئاستی لەناوچوون سنوردار بکرێن. لەبەرانبەردا هونەری ئیسلامی بەرەو پەتیبوون هەنگاو دەنێت، خۆی لە ئەندازیاری، خەتاتی، گوڵچنین، زەخرەفە و قاڵی چنین و … هتد خۆی دەبینێتەوە. تەنانەت هونەری وێنەکێشان لە ئاستی دوو ڕەهەندی زیاتر ناکشێت و بەرەو سێ ڕەهەندی و پێرسپێکتیڤ هەنگاو نانێت. ئەمەش بۆئەوەی مەودا لەگەڵ نواندنەوەی واقیعدا بهێڵێتەوە و نەبێتە لەبەرگیراوە یان نواندنەوەی واقیع.
شێوەی پرسیارکردن و سۆراخکردنی خودا لە لایەن ئیبراهیمەوە، شێوەیەکی ئیلحادیی سەرەتاییە. بەشێوەیەکی پارادۆکسیکاڵ ئیبراهیم دەبێتە زڕەباپیری ئیلحاد و باوکی یەکتاپەرستی. ئیبراهیم لە سیاقی خۆیدا بەرانبەر خوداکان و کرۆکی خوداپەرستی وەک مولحیدێک پرسیار دەکات و بۆ خودا دەگەڕێت. دەیەوێت لەڕێگەی زانینەوە بە خودا بگات نەوەک لەناو بەرهەمە هونەرییە هەستەکییەکاندا درکی بکات و بەری بکەوێت. ئەمەش وادەکات لە سەردەم و سیستەمی ئایینی خۆیدا ببێتە مولحید و شێوەی ئیلحادی پەرە پێبدات بەڵام بۆ سیاق و سیستەمی ئایینی دوای خۆی کە هەر خۆی دامەزرێنەرێتی دەبێتە باوکی یەکتاپەرستی. ئەم نەریتە ئیبراهیمییە بۆ پرسیارکردن لە خودا بۆ ناو فەلەسەفەش شۆڕ دەبێتەوە لەگەڵ ئەوەشدا شێوەی فەلسەفی وەردەگرێت و شوێنی ڕاستەقینەی ئەو شێوە ڕوانینە بۆ خودا فەلسەفەیە، نەوەک ئایین و ئەمەش بە ڕوونی لەلای هیگڵ دەردەکەوێت کاتێک لە سیستەمەکەیدا سەرەتا هونەر، پاشان ئایین و دواجار فەلسەفە دەبێتە شوێنی دەرکەوتەی ڕۆح و زانینی موتڵەق کە خودایە. هەمان شێوەی پرسیارکردنی ئیبراهیم لە سەردەم و سیاقی زانستدا بەناچاری بە ئیلحاد کۆتایی دێت.
هەر بۆیەش لە سەردەمی مۆدێرندا کانت هەڵە کوشەندەکەی ئیبراهیم لەمەڕ خودا ڕاست دەکاتەوە؛ بەوەی کە شێوەی ڕووبەرووبوونەوەی ئیبراهیم لەگەڵ خودادا کە تا سەردەمی خۆی لەناو فەلسەفەدا هەبووە، وەلاوە دەنێت. ئەمەش لە ڕێگەی دەرهێنانی خودا لە بازنەی زانین و زانستەوە ئەنجام دەدات. کانت بەشێوەیەکی سەرسورهێنەر بۆ نەریتی فرەخودایی دەگەڕێتەوە کە پرسیاری ئیبراهیمی لەمەڕ خودا تێیدا بێڕەبت دەردەکەوێت و قابیلی فەهم نییە. هەمان شت بۆ سوبێکتی کانتی لەمەڕ خودا ڕاستە: خودا نابێتە سوبێکتی زانین و زانست.
ئیبراهیم و تۆختر محەمەد، ئایین و هونەر بەتەواوی لەیەک جیا دەکاتەوە لە ڕێگەی ئەبستراکت کردنی وێنەی خوداوە و گواستنەوەی بۆ ناو پانتایی هزر و ئەندێشەی پەتی. لە ئەنجامی ئەم جیاکردنەوە تووندوتیژەدا، ئیسلام ناچار دەبێت هونەر بەشێوەیەکی گشتی ڕەت بکاتەوە و سودی لێنەبینێت. هەر بۆیەش دەبینین مێژووی ئیسلام لە ناو هونەری نواندنەوە یان ڕیالیستی بیابانێکی ناکۆتایە. ئیسلام ناتوانێت هونەری نواندنەوەیی بقۆزێتەوە و بەکاری بهێنێت لەکاتێکدا ئەمە لە ئایینی مەسیحیدا ڕوو دەدات و هونەری نواندنەوەی مەسیحی دێتە ئاراوە. ئەمەش بەر لە هەموو شت بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە عیسا لەسەر ئەرز خودا دەنوێنێتەوە. عیسا خۆی گەورەترین کاری هونەری ئایینە. ئەم نواندنەوەیە ئەو هێزە بە مەسیحییەت دەبەخشێت سودێکی زۆر لە هونەر ببینێت.
کاتێک خودا لە پانتایی هەستەکی و هونەرییەوە بۆ ناو پانتایی زانینی پەتی دەگوازرێتەوە و لە هەموو جۆرە نواندنەوەیەک بەدوور ڕادەگیرێت جگە لەوەی ئەزموونی ڕۆحی و تەجروبەی مەعنەوی هەژار دەکات ئەوا بە هەموو شێوەیەک هونەر لە ژیانی ڕۆژانەی خەڵک وەلاوە دەنرێت و دەخرێتەوە پەراوێزە. ئایینی ئیسلام لەم پرۆسەدا لەسەرو هەموو ئایینەکانی ترەوەیە. دەرەنجامی ئەمە جگە لە حوکمە ڕاستەوخۆکانی قورئان و دەقەکانی تری ئیسلام لەسەر قەدەغەکردن و بەرتەسک کردنەوەی هونەر لە ژیانی مرۆڤدا، لە کۆمەڵگادا هەموو دامەزراوە هونەرییەکان لاواز و پەراوێز دەخات و ئیدی شوێنێکی گەورە و جیدی بۆ هونەر لە ژیانی مرۆڤدا ناهێڵێتەوە. ئەمەش ڕەشۆکباوەڕی ئایینی لەمەڕ هونەر دروست دەکات. بەشی هەرە زۆری دژایەتی خەڵک لەمەڕ هونەر کە بەشێوەیەکی نائاگاییانە ڕوو دەدات لەو پاشخانە مێژووەیەوە سەرچاوە دەگرێت کە خرایە ڕوو. ئەمە بۆ نەستی نوخبە و ڕۆشنبیرانیش ڕاستە.
فەلسەفە پەتیترین پانتایی بیر(فکر)ـە. تا پێش دەرکەوتنی فەلسەفە، «بیر» دەستی بە خودئاگایی خۆی ڕانەگەیشتبوو؛ لەمەڕ خۆی توشی تێڕامان نەبووبوو. تەنیا ئەوە لەگەڵ دەرکەوتنی فەلسەفەدایە، «بیر» چوارچێوە، پانتایی و میتۆدی سەربەخۆی خۆی بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی خۆی(ئیپستمۆلۆژی) و دەرەوەی خۆی(ئۆنتۆلۆژی) دادەهێنێت. تەنیا لە فەلسەفەدایە زێدی خۆی دەدۆزێتەوە، بۆ خۆی دەگەڕێتەوە و خۆی دەهێنێتە بوون وەک کایەیەکی سەربەخۆ. پێشتر «بیر» لەناو ئوستورە، ئایین، حیکمەت و … هتد لە ئارادا بوو. لە هەر کام لەو بوارانەدا ئامادەیی هەبووە و بەرهەمهاتووە بەڵام کەرەستەکانی تایبەت بە خودی بیر نەبوون.
پێویستە جیاوازییەکی سەرەتایی و سادە لە نێوان بیر5، بیرۆکە6 و بیرکردنەوە7دا بکرێت. بیرۆکە یان ئایدیا بیرێکی خاوە کە هێشتا بیری لێنەکراوەتەوە. بیر ئایدیایەکی پێگەیشتووە کە بیری لێکراوەتەوە. بیرکردنەوە پرۆسەی بەرهەمهێنانی بیرە. هەر جۆرە چوارچێوەیەکی بیرکردنەوە لەسەر کۆمەڵێک بەڵگەنەویست ڕسکاوە کە لە کاتی پرۆسەی بیرکردنەوەدا ناخرێنە ژێر پرسیارەوە و خودی ئەو میتۆدەش کە لەناو ئەو چوارچێوە دیاریکراوەدا کاردەکات ناتوانێت بیباتە ژێر پرسیارەوە. بۆ نمونە لە یاری شەترەنجدا یاریزان بۆی نییە، پرسیار لەوە بکات بۆچی ئەسپ بەشێوەی پیتی ئێڵی زمانی ئینگلیزی دەجووڵێت و قەڵا بەشێوەی ئاسۆیی و ستوونی. لەبەرئەوەی ئەوە بەڵگەنەویستی یاری شەترەنجە. یاریزان دەتوانێت n جووڵە بە داشەکانی خۆی لەناو چوارچێوەی یاری شەترەنجدا بکات، بیر لە جووڵەکانی بکاتەوە و جووڵەیەک پێش یان دوای جووڵەیەکی دیاریکراو بکات. دەتوانێت بە گوێرەی ڕێساکانی یارییەکە هەر کام داشی بوێت بیجووڵێنێت، بەڵام ناتوانێت پرسیار لە بەڵگە نەویستەکانی یارییەکە بکات.
بیرکردنەوەی ئوستورەیی یان ئاینی چوارچێوە و بەڵگەنەویستی دیاریکراوی خۆی هەیە. بیر و بیرکردنەوەی ئایینی جیاوازە لە بیر و بیرکردنەوەی فەلسەفی. بیر و بیرکردنەوەی فەلسەفی چوارچێوە، میتۆدۆلوژی و کەرەستەی تایبەت بەخۆی هەیە بەڵام بەڵگەنەویستی نییە. فەلسەفەیەکی دیاریکراو بێگومان بەڵگەنەویستی هەیە بەڵام خودی فەلسەفە یان فەلسەفە وەکو فەلسەفە بەڵگەنەویستی نییە، ئەمە بۆ ئایین ڕاست نییە لەبەرئەوەی ئایین وەکو ئایین لە ئارادا نییە بەڵکو ئایینی دیاریکراو هەیە. ئەم جیاوازییانە وادەکات فەلسەفە کایەیەکی سەربەخۆی بیرکردنەوە بێت ئەگەر لە هەندێ باریشدا ببێتە هۆی بەرهەمهێنانی بیروباوەڕی دیاریکراو یان عەقیدەی دۆگمایی یان تەنانەت ببێتە هۆی خستنەوەی ڕێبازێکی نافەلسەفیش. واتە دەرەنجامە دیاریکراوەکانی فەلسەفە کارناکاتە سەرئەوەی خودی فەلسەفە وەک پەتیترین کایەی بیر لە بیروباوەڕ یان ڕێبازێکدا کۆتایی پێبێت.
کاتێک فەلسەفە لەسەر کایە جیاوازەکان قسە دەکات، بە ئەندازەیەکی زۆر کاریگەری خودی فەلسەفەی بەسەرەوە دیار دەبێت، ئەمەش بەر لە هەموو شت بۆ سیستەمی بیرکردنەوەی فەلسەفی دەگەڕێتەوە و گرێدراوە بە چوارچێوە و میتۆدی فەلسەفییەوە. فەلسەفە وەک لە ناوەکەیەوە دیارە، بەمانای خۆشەویستی یان هاوڕێیەتیی زانین دێت. فەلسەفە بۆ زانین و ناسینی نائوستورەیی هاتەکایەوە. باشترین توانستی مرۆڤ بۆ ناسین و زانین بریتییە لە ئەقڵ. فەلسەفە هەر لە سەرەتاوە وەک کایەکی ئەقڵانی و ئەقڵ-تەوەر بۆ زانین و ناسین دەرکەوت. ئەمەش بووە هۆی ئەوەی لە فەلسەفەدا ئەقڵ و زانین ببنە چەق. پێش فەلسەفە ئایین هەمان بانگەشەی فەلسەفەی کردووە؛ لەمەدا هاوبەشن و ئەمە بە ڕوونی لەلای هیگڵ دەردەکەوێت کاتێک ئایین بە سۆراخکاری زانینی موتڵەق و حەقیقەت دادەنێت. بەڵام هیگڵ فەلسەفە لە ئایین بەرزتر دەنرخێنێت.
لەم پنتەوە دەکرێت باس لە دەرکەوتنی هونەر(ئەدەب) لەناو فەلسەفەدا وەک بابەتی فەلسەفە بکرێت. بە دەربڕینێکی تر دەشێت ئەوە بخرێتە ڕوو فەلسەفە چۆن باسی هونەر(ئەدەب) و بۆچی بەوشێوەیە هەڵدەسەنگێنێت؟ ئەوە ڕوونە هونەر لە سەرەتای فەلسەفە و پێش فەلسەفە جۆرێک لە تیۆری هونەری نەبووە کە لە دەرەوەی هونەر لەسەر هونەر قسە بکات، ئەوەی هەبووە فەلسەفە بووە. لەسەرەتادا زۆربەی کایە بنەڕەتییە جۆراوجۆرەکانی سەردەمی مۆدێرن لەناو فەلسەفەدا دەرکەوتووە. دواتر بە درێژایی کات و گەشەی هەر کامیان، لە فەلسەفە جیابوونەتەوە و سەربەخۆییان وەرگرتووە. بە تەنیشت ئەوەشەوە، سەرەڕای ئەو جیابوونەوانە، فەلسەفە وەک خۆی ماوەتەوە، لەگەڵ ئەوەشدا گەشە و گۆڕانی زۆری بەسەردا هاتووە. جیاوازی زۆرە کاتێک فەلسەفە لە سەردەمی مۆدێرندا قسە لەسەر هونەر دەکات وەک ئەوەی لە کلاسیکدا لەسەری دەدوێت. هاوکات بە ئەندازەی جیاوازی هاوبەشیشی هەیە لە لای زۆربەی فەیلەسووفە مۆدێرنەکان.
بیروبۆچوونی ئەفلاتوون لەسەر هونەر و ئەدەب بە تووندی گرێدراوە بە سیستەمە فەلسەفییەکەی و خودی فەلسەفەوە وەک کایەیەکی زانین. لە ئۆنتۆلۆژیای ئەفلاتووندا دوو جیهان لە ئارادایە؛ جیهانی بەرهەست(هەستەکی) و جیهانی دەرهەست(ئایدیاکان). هەرکام لەو دوانە دابەش دەبن بۆ دوو پانتایی تر. دابەشبوونەکانی جیهانی بەرهەست بریتین لە: پانتایی وێنەکان کە(پەیکەرتاشی، وێنەکێشان، چیرۆک، سێبەر و … هتد) دەگرێتەوە و لە ڕێگەی هەستکردنەوە وێنا یان خەیاڵ دەکرێن. ئەویتریان پانتایی ئۆبێکتەکان کە(مێز، دار، مۆبایل، گیا، باڵندە و … هتد) دەگرێتەوە و لە ڕێگەی هەستکردنەوە باوەڕیان پێدەکرێن. جیهانی بەرهەست سەر بە پانتایی هەستەکانە و لە سنوری پێنج هەستەکە دەرناچێت. جیهانی دەرهەست(ئایدیاکان) کە جیهانی نەبیراوە نەگۆڕە ئەبەدییەکان بۆ دوو پانتایی دابەش دەبێت کە ئەوانیش بریتین لە: پانتایی ژمارەکان کە(ژمارە، ئەندازە، گەردوونێتی و ڕۆح) لەخۆ دەگرێت و لە ڕێگەی تێگەیشتن/ئاگاییەوە دەیان زانین. ئەویتریان پانتایی هەبوونە (هەبوون و چاکە) دەگرێتەوە و لە ڕێگەی عەقڵەوە دەیان زانین. جیهانی دەرهەست سەر بە پانتایی عەقڵە و لەسەرو هەستەکانەوەیە و نەگۆڕ و ئەبەدییە.
ئەفلاتوون لە کتێبی دەیەمی کۆماردا، لەسەر زاری سوقراتەوە پرسیار لە گلاوکۆن لەبارەی لاساییکردنەوە8 دەکات. سوقرات بەشێوەی خۆی سەرەتا لە نمونەی جیهانی بەرهەستەوە دەست پێدەکات و بە نمونە مێز و چرپا دەهێنێتەوە کە بۆ هەرکام لەوانە ژمارەیەکی زۆر لە ئارادایە، بەڵام بۆ هەموو چرپاکان یان هەموو مێزەکان تەنیا یەک ئایدیا هەیە واتە ئایدیای مێز یان ئایدیای چرپا. ئایدیاکان سەر بە جیهانی دەرهەستن. ''ئایدیای چرپا'' واتە چرپایەکی ئایدیاڵی جیهانی دەرهەست کە تەنیا لە ڕێگەی ئەقڵەوە لێی تێدەگەین و هەموو چرپاکان لەبەرگیراوەی مۆدێلی ئایدیای چرپان. سوقرات باس لەوە دەکات دارتاش لە ڕێگەی لاساییکردنەوەی ''ئایدیای چرپا''ـەوە دەتوانێت چرپا بەرهەم بهێنێت. ئەی کاتێک وێنەکێش یان هونەرمەند وێنەی چرپایەک دەکێشێت چی ڕوودەدات؟ لە درێژەدا ئەوە دەخاتەڕوو کە ئاسانترین ڕێگا ئەوەیە ئاوێنەیەک بەدەستەوە بگری و بە هەر لایەکدا بیسوڕێنی. بەوشێوەیە دەتوانی هەموو شت بکێشی لەوانە خۆر، ئەستێرەکان، دار و ڕووباڕەکان، ئاژەڵەکان و خودی خۆت یان ئەوانیتریش. ئەمەش واتە هونەرمەند تەنیا دەتوانێت لەبەر جیهانی ئۆبێکتەکان بگرێتەوە. بەدەربڕینێکی تر هونەرمەند لاسایی چرپا بەرهەمهاتووەکەی دارتاش دەکاتەوە. واتە لەسەر نوسخەی دەستکردی دارتاشەکە کە نوسخەی دووەمە نوسخەی سێیەم بەرهەم دەهێنێت و ئەوەش ئەو وێنەیە کە کێشاوێتی.
لە ڕوانگەی ئەفلاتووندا ئەوە دەردەکەوێت کە سێ چرپا لە ئارادایە: ئایدیای چرپاکە(جیهانی دەرهەست)، چرپا لە دار تاشراوەکە کە واقیعییە(جیهانی بەرهەست) و وێنەی چرپا داتاشراوەکە کە لاساییکردنەوەیە(خەیاڵ). سوقرات ئاماژە بەوە دەدات، هونەرمەند لە حەقیقەت(ئایدیاکان)ـەوە سێ جار دوورە. هونەرمەند ڕاستەوخۆ دەستی ناگات بە جیهانی ئایدیاکان و هونەر ناتوانێت ئایدیاکان بنوێنێتەوە. لەم ڕوانگەوە پیشەوەر لە سەرو هونەرمەندەوە ڕاوەستاوە. پیشەوەر دەتوانێت لەڕووی ئایدیاکانەوە نوسخە بەرهەمبهێنێت، بەڵام هونەرمەند ناتوانێت. دابەشکاری جیهانەکانی ئەفلاتوون دابەشکارییەکی نرخێنەرانەیە و هەر ئاستێک لەوەی خوار خۆی، ئاستی بەرزترە. لە جیهانی بەرهەستدا، لە خواری خوارەوە و لە بنی دابەشکارییەکەیدا، هونەرمەند و ئەدیب دانراوە. لەسەرو ئەوانەوە و لە هەمان جیهاندا پیشەوەران، ئەندازیاران، دیزاینەرانی مۆدێلە بەرهەستەکان و هەموو ئەوانەی بەرهەمهێنەری ئۆبێکتی مادین لەوێدان. لەسەرو ئەوانەوە لە جیهانی دەرهەستدا بیرکاریزانەکان، فیزیاییە تیۆرییەکان و ئەو زانایانەی سەروکاریان لەگەڵ مۆدێلە دەرهەستەکاندا هەیە لەوێدا جێگرین. لەسەرو ئەوانەوە، واتە لە سەرووی هەموویانەوە فەیلەسووفەکان دێن کە سەرووکاری ڕاستەوخۆیان لەگەڵ ئایدیاکاندا هەیە.
ئیبراهیم لەناو ئایینەکاندا چ گۆڕانکارییەک دەکات هەمان گۆڕانکاری ئەفلاتوون لەناو فەلسەفەدا ئەنجامی دەدات. ئەگەر فەیلەسووفە پێش ئەفلاتوونییەکان بۆ زاگە(ئارخە)9 هێشتا هەر ناو سروشت دەگەڕان. تالیس توخمی ئاوی بە زاگە دادەنا و ئاناکسیمێنس توخمی هەوا. ئەگەرچی ئەو توخمە تا ئاستی ئەتۆم لەلای فەیلەسووفە ئەتۆمیستەکان پەتی دەبێتەوە بەڵام هێشتا هەر سەر بە سروشت و ناوجیهانییە.
ئەفلاتوون لە دەرەوەی جیهانی بەرهەست و مادییەوە بۆ زاگە دەگەڕێت. هەمان تەور کە ئیبراهیم لە پەیکەرە بەرهەستەکانی خوداکانی دەدات و دەیانشکێنێت و بەرزیان دەکاتەوە بۆ ئاسمان و جیهانی دەرهەست؛ دەیانگۆڕێت بۆ ئایدیای خودا، بۆ ئەندێشەکەی پەتی؛ ئەفلاتوونیش هەمان تەور لە جیهانی بەرهەست، دەرکەوتە و دیاردەکان دەدات و زاگەکەیان دەگۆڕێت بۆ ئایدیاکان. لەم وەرچەرخانەدا جەستە، هەستەکان و پانتایی ئێستاتیکا دەبێتە شتێکی سەرپێی و ڕاگوزەر. لەبارەی جوانییەوە لە کتێبی ''خوان''دا دەبینین ئەفلاتوون سەرەتا لە جەستەی جوانەوە وەک مایینی جوان، کچی جوان، گوڵدانی جوان و ئالەتی مۆسیقای جوان دەست پێدەکات. لە درێژەی گفتوگۆکەدا دەبینین باس لە مرۆڤی جوان، پەیکەری جوان و دەنگی جوان دەکات. دواتر باس لە یاسایی جوان، پیشەی جوان و جوانی لە سیاسەت و فەرمانڕەواییدا دەکات. لەوانەشەوە بۆ جوانی زانین دەپەڕێتەوە. ئەمەش لەگەڵ دابەشکاری جیهانەکەیدا تەبایە کە لە جیهانی بەرهەستەوە دەست پێدەکات و بۆ جیهانی دەرهەست دەپەڕێتەوە و لە ئایدیاکاندا دەوەستێت. دواجار زانین10 و خێری پەتی11 بە جوانی جوانان دادەنێت.12 لێرەدا دەبینین خودی ئێستاتیکا و چەمکی جوانی لەلای ئەفلاتوون مەسخ دەبێت و وەردەچەرخێت بۆ ئەخلاقناسی و ئەخلاق. ئەم تێگەیشتنە ئەفلاتوونیە لە دوای خۆیەوە تا سەردەمی مۆدێرن بۆ زیاتر لە دوو هەزار ساڵ زاڵ دەبێت. بۆ نمونە کڵێشەیەکی ئەفلاتوونی؛ ''جوانی ڕوخسار شەرت نییە بەڵکو جوانی ئەخلاق و ناوەوە شەرتە''. لەبەرانبەر ئەوەدا هەر لەناو کوردا کڵێشەی دژەئەفلاتوونیش هەیە؛ ''جوانی هەمووی درۆیە شەرتی چاو و برۆیە''. لێرەدا جوانی ئەخلاقی نەفی دەبێتەوە.
لەناو گوتاری فەلسەفیدا، لەبەرئەوەی خودی فەلسەفە ڕووی لە زانینە، ئەوا هەمیشە بەچاوی گومانەوە تەماشای پانتایی هەستەکان و جیهانی هەستەکی کراوە. وەک شتێکی تێپەڕ و بەرایی لە هەستەکان ڕوانراوە و ئەگەر ئەژماری بۆ کرابێت لەناو سیستەمە فەلسەفەییەکاندا تەنیا وەک سەرەتا بووە نەوەک زیاتر. دەرەنجامی ئەمەش لەناو گوتاری فەلسەفەیدا هەمیشە بەئاگایی بێت یان بە نائاگایی بەشێوەیەکی سیستەماتیک ئێستاتیکا، پانتایی هەستەکان و جیهانی هەستەکی پەراوێز خراوە و بە کەمتر لە زانین تەماشا کراوە.
ئێستاتیکا وەک لقێکی فەلسەفە بەبەراورد بە سەرهەڵدانی خودی فەلسەفە زۆر درەنگتر و لە نیوەی یەکەمی سەدەی هەژدەدا سەریهەڵدا. ئەم درەنگ دەرکەوتنەش خۆی گوزارشتە لە پەراوێزخستنی ئێستاتیکا بەدرێژایی نەریتی فەلسەفی. تەنانەت دامەزراندنی ئێستاتیکا لەلایەن ''باومگارتن''ـەوە وەک لقێکی فەلسەفە یان بەدەربڕینی خۆی ''زانستی ئێستاتیکا''، نەیتوانی ئێستاتیکا لەو پەراوێز خستنە دەربهێنێت؛ ئەوەندە بە تووندی ناچیز کرابوو. سەرەڕای ڕەخنەکانی باومگارتن لە فەیلەسووفانی پێش خۆی، بەوەی کە تەنیا لە ناو ڕەخنەدا ڕووبەرووی ئێستاتیکا بوونەتەوە لەکاتێکدا خودی ڕەخنە ناتوانێت تیۆرێک بۆ ئێستاتیکا بەردەست بکات و بنەما تیۆرییە ڕەخنەییەکانی خۆی بپشکنێت. باومگارتن خۆی دەخوازێت لە ڕێگەی دامەزراندنی ئێستاتیکایەوە، بوارێکی سەربەخۆ بۆ زانستی ناسینیی پانتایی هەستەکی بکاتەوە. سەرەڕای هەوڵەکانی بۆ دەستەبەرکردنی زانستی ناسینیی پرسە هەستەکییەکان، ئێستاتیکا لە نزمترین ئاستدا جێگیر دەکات و دواجار ئەقڵ و تێگەیشتن بە ڕێنوێنی جوانی و پرسە هەستەکییەکان دادەنێت. لەلای باومگارتن، ئێستاتیکا زانستی پەیبردن یان درککردنی پرسی هەستەکییە کە ڕێسای گشتی هەیە و دەکرێت بەشێوەیەکی ئۆبێکتیڤ لە بابەتی جوانی بکۆڵێتەوە و هەڵیسەنگێنێت. لەم سۆنگەوە پرسی جوانی دەبێتە پرسێکی ئۆبێکتیڤ و جوانی لەناو ئۆبێکتەکاندا نیشتەجێیە. وەزیفەی ئێستاتیکا دەبێتە پەیبردن و دەرخستنی ڕەهەندە هەستەکییەکانی ئۆبێکتی جوانی.13
لە ڕاستیدا لە سەردەمی ئەفلاتوونەوە تا پێش کانت؛ پرسی جوانی و ئێستاتیکا بە نزیکەیی هەمان شت بوو کە ئەفلاتوون داڕشتەی کرد بوو. فەیلەسووفانی پێش کانت تەنیا بە گوێرەی سیستەمی بیرکردنەوەی خۆیان هەندێ وردە گۆڕانیان لەناو ئێستاتیکادا بەدیهێنابوو، تا لەگەڵیدا تەبا بێت بەڵام نەگەیشتبووە ئەوەی کە دابڕان لە تێگەیشتنی ئەفلاتوونی بۆ هونەر بکەن. سەرەڕای ئەوەی هەر لە ئەرەستۆوە ڕوانگەی هونەری ئەفلاتوون دەکەوێتە بەر ڕەخنە بەڵام تا کانت لەجێچوونی بنچینەیی تێیدا ڕوو نادات. کانت یەکەم فەیلەسووفە، ئێستاتیکا لە ژێر زاڵێتیی عەقڵ دەردەهێنێت و لە ملکەچێتیی زانین ڕزگاری دەکات. لەوەش گرنگتر نرخێنەرانە لە هونەر ناڕوانێت و هونەر لەناو سیستەمێکی هیرارشی عەقڵانیدا قەتیس ناکات، هەروەها ئەو ڕیزبەندییە پلەدارە ناخوڵقێنێت کە هونەر لە بنی بنەوە یان لە خوار فەلسەفەوە دابنێت. بەدەربڕینێکی تر کانت یەکەم فەیلەسووفە لە مێژووی فەلسەفەدا کە خۆی لە ڕەشۆکباوەڕی لەمەڕ هونەر ڕزگار دەکات کە لە تێڕوانینی ئەفلاتوونەوە زاگەی وەرگرتبوو و لە فەیلەسووفە پێشکانتییەکاندا ئامادەیی هەبوو.
تا پێش کانت جوانی بۆ ئۆبێکت کورت دەکرایەوە؛ حوکمی جوانی پەیوەندیی بە شت(ئۆبێکتی) جوانەوە هەبوو. تەنانەت باومگارتن ئەو شوێنە دەڕوات زانستێک بۆ جوانی سەرپێ بخات وەک ئەوەی جوانی لە کۆمەڵێک ڕێسای دەقیق و عەقڵانی ڕسکابێت کە بشێت لە ڕێگەی ناسینی ئەو ڕێسایانەوە ئۆبێکتی جوان دەستنیشان بکرێت. لە بەرانبەر ئەمەشدا ئەوە هەبوو کە جوانی بۆ زیهنی ڕوانەر(سوبێکت) کورت دەکرایەوە و لە دەرەنجامدا جوانی تەواو دەروونی و سوبێکتیڤ دەبووەوە. کانت لە هیچکام لەو بەرانەدا جێگیر نابێت. ''لە ڕوانگەی کانتەوە، دەشێت بوترێت جوانی نە لە ئۆبێکتدایە و نە لە چاوی ڕوانەردا. بەپێچەوانەی ئەوەی کە وێنا دەکرێت، جوانی تەنیا پەیوەندیی نێوان سوبێکتی ڕوانەر و ئۆبێکتی بۆ ڕوانراویش نییە. بەڵکو بنچینەی جوانی لەسەر کردەی ڕامانە کە پەیوەندیی ناوبراو لەبەرچاو دەگرێت''14.
کانت جیاوازی لە نێوان حوکمی مەعریفی و حوکمی ئێستاتیکیدا دەکات و مەعریفە و ئێستاتیکا لە یەکتری جیا دەکاتەوە. پێش کانت جیاوازی لە نێوان ئەو دووەدا نەکرا بوو، تەنانەت باومگارتن کە دامەزرێنەری ئێستاتیکایە، وەک جۆرێک لە زانین تەماشای دەکات هاوشێوەی عەقڵ. بۆ کانت حوکمێک ناتوانێت هاوکات مەعریفی و ئێستاتیکی بێت. هەمیشە وەک جۆرێک لە زانین و مەعریفە تەماشای ئێستاتیکا کراوە بەڵام زانینێکی پلە نزمتر یان مەعریفەیەکی تەم و مژاوی.
لە ڕاستیدا ئەوە کانتە پانتایی ئێستاتیکا لە پانتایی زانین و مەعریفە سەربەخۆ دەکات. چیدی بەرهەمی هونەری و ئەدەبی میدیۆم و پانتاییەک نین بۆ مەعریفە؛ چیدی پرسی جوانی ئامڕازێک نییە بۆ ئامانجێکی تر، جوانی خۆی ئامانجی خۆیەتی. گەورەیی و ناوەختی کانت تا ئەو شوێنەیە کە فەیلەسووفێکی مەزنی وەک هیگڵ کە پاش کانتە ناتوانێت هەموو دەرەنجامە تیۆرییەکانی لەمەڕ ئێستاتیکا قبوڵ بکات و بەجۆرێک لە جۆرەکان بەهۆی سیستەمە فەلسەفییەکەیەوە بۆ پێش کانت دەگەڕێتەوە. هیگڵ بە پانتایی سەربەخۆی ئێستاتیکا قایل نابێت و لە ڕێگەی گەشتی گیانەوە دەیهێنێتەوە ناو مەعریفە و لە خوار فەلسەفە و ئایینەوە پۆڵێن بەندی دەکات. سیستەمی هیگڵی بۆ ئێستاتیکا خاڵییە نییە لەو ڕەشۆکباوەڕییەی لە مێژووی فەلسەفەدا بۆ هونەر زاڵ بوو.